هونەرمەند ڕەشید سۆفی کۆچی دوایی کرد
وڵات تیڤی - هەولێر
هونەرمەند و مۆسیقاری بەناوبانگی کورد ڕەشید سۆفی لە تەمەنی 72 ساڵیدا ماڵئاوایی لە هەواداران و گوێگورانی کرد و کۆچی دوایی کرد.
ڕەشید سۆفی یەکێکە لەو ئەستێرانەی خاوەنی جێدەستێکی زێڕینە لە بواری مۆسیقا و هونەری کوردی.
*ژیانی کۆچکردوو
هونەرمەند ڕەشید سۆفی لە ساڵی 1953 لە شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان لە بنەماڵەیەکی ئایینی لەدایک بووە باوکی موفتی کۆبانێ بووە.
گوێگرتن لە سروودی ئایینی و مەقام و بیری سۆفیگەری کاریگەری لەسەر هونەرمەند ڕەشید سۆفی هەبوو.
لە قوتابخانەی سەرەتایی لە کۆبانێ لە کاتی مەراسیمە ئاینییەکاندا قورئانی دەخوێند و هەموو مامۆستاکانی سەرسامی دەنگی دەبوون.
کاتێک تەمەنی حەوت ساڵ بوو بە پاڵپشتی مامۆستاکانی لە پەیمانگەی حەلەب سروودی ئایینی پێشکەش دەکرد.
*کاری هونەری
ژیانی سۆفی لە بواری هونەر و مۆسیقادا لە ساڵی 1970 دەستی پێ کرد و ئامێری عودی دەژەنی، سۆفی لێهاتووانە لە بواری مۆسیقادا کاری کردووە، تا ئەو کاتەی وەک میری عود ناسێنرا.
ژێی شەشەمی لە سەرووی پێنج ژێیەکەی تری عودەوە زیاد کرد و بەرزترین پەیمانگە مۆسیقییەکان پێشوازییان لەو داهێنانەی کرد و بەکاریان هێنا.
ڕەشید سۆفی ئاوازی بە بەر زۆرێک لە شیعرەکانی مەلای جزیریدا کردووە و کردوونیەتی بە گۆرانی، هەروەها نووسەری چەندین بەرهەمە، لەوانە گۆرانییە بەناوبانگەکانی (خوەزیا هێڤی، گولیستانا دل، مەینەنۆشێ و چاڤێ یارا من)، هەروەها زۆرێک لە هونەرمەندان گۆرانییەکانی ئەویان گوتووەتەوە.
لەم دواییانەدا تەندروستی هونەرمەند ڕەشید سۆفی تێکچوو و شەوی ڕابردوو 17ی شوباتی 2025 لە نەخۆشخانەیەکی شاری کۆبانێ کۆچی دوایی کرد.