کچە یاریزانێکی کورد لە کیک بۆکسینگ پلەی دووەمی لەسەر ئاستی سووریا بەدەستهێنا
وڵات تیڤی - هەولێر
شیلان ئەحمەد یوسف، کچە کوردی یاریزانی وەرزشی کیک بۆکسینگ پلەی دووەمی لە “پاڵەوانیێتیی کۆمار” لە سووریا بەدەستهێنا، کە لە 09-01-2024 بەڕێوەچوو.
شیلان بەشداری لە وەرزشی کیک بۆکسنگ (ستایلی K1، بەشی 48 کیلۆگرامی ئافرەتان) کرد و توانی پلەی دووەم لە “پاڵەوانیێتیی کۆمار” لە سووریا بەدەستبهێنێت.
شیلان، خەڵکی شاری دێریک/مالیکیە لە ڕۆژئاوای کوردستان، لەدایکبووی ساڵی 1996ـە، لە ساڵی 2016ـەوە گەشتە وەرزشیەکەی دەستپێکردووە و بە بەشداریکردنی چالاکانەی لە چەندین پێشبڕکێی ناوخۆیی و ناوچەییدا جیاواز بووە، کە تیایدا لێهاتوویی ناوازەیی و هێزی جەستەیی خۆی نیشانداوە.
ئەمە یەکەمجار نییە کە شیلان سەرکەوتنی گەورە بەدەستبهێنێت، بەو پێیەی لە ساڵی 2021ـدا پلەی دووەمی “پاڵەوانیێتیی کۆماری” لە سووریا بەدەستهێناوە، هەروەها لە هەمان ساڵدا پلەی سێیەمی پاڵەوانیێتی عەرەبی لە شاری دهۆک بەدەستهێناوە.
ئەم دەستکەوتە وەرزشیانەی شیلان ئەحمەد یوسف بەڵگەن لەسەر باشی و شانازیی ڕەگەزی مێینە لە وەرزشدا و ئیلهامبەخشن بۆ کچان، بۆ ئەوەی هەوڵبدەن سەرکەوتن لەم بوارەدا بەدەستبهێنن.