هاکان فیدان بەم شێوەیە باسی ئامادەیی هەسەدە دەکات لە سووریا
وڵات تیڤی-هەولێر
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، هێزەکانی سووریای دیموکرات هیچ نیازێکی نییە پابەند بێت بە ڕێککەوتنی 10ی ئازار و پەیوەستبوون بە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریاوە.
لەبری ئەوە هەسەدە هەوڵ دەدات پاشەکشە بکات لە ڕێککەوتنەکە، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەشڵێت، پێویستە هێزەکانی سووریای دیموکرات لەوە تێبگات کە سەرکردایەتیی و کۆنترۆڵکردن تەنها لە دەستی یەک لایەندا بێت.
*نابێت دوو سوپا هەبێت
فیدان ئاماژەی بەوەشکرد، نابێت دوو سوپا لە سووریا هەبن، هەروەها ڕەنگە بگەنە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنی جیاواز سەبارەت بە ئیدارە ناوخۆییەکان.
سەبارەت بە پرسەکانی پەیوەست بە مافی قەوارەکان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، تا ئێستا هەندێک بابەتی پەیوەست بەو قەوارانە بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە و پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ حکومەتی ئێستای سووریا بە مانای ڕەزامەندی لەسەر نەهێشتنی قەوارەکان نییە.
*ڕێککەوتنی 10ی ئازار
ڕێککەوتنی 10ی ئادار کە لە هەشت خاڵ پێکهاتووە و سەرەڕای چەند دیدارێک لەنێوان هەسەدە و شاندی ئیدارەی خۆسەر لەلایەک و حکومەتی ڕاگوزەری سووریا لەلایەکی دیکە، تا ئێستا هیچ کام لە بڕگەکانی جێبەجێ نەکراوە و هەردوو لا یەکتر تۆمەتبار دەکەن بەوەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکردووە.