سەرۆکایەتیی سووریا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی پووتین و شەرع ئاشکرا دەکات
وڵات تیڤی-هەولێر
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا سەردانی مۆسکۆ دەکات و لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین سەرۆکی ڕووسیا کۆدەبێتەوە.
ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی سانای ڕاگەیاندووە، شەرع ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە مۆسکۆ و لەگەڵ پووتین کۆدەبێتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە داوە لەمیانی کۆبوونەوەکه هەردوو لا باسی ڕێگاکانی پەرەپێدانی پەیوەندییه هاوبەشەکان و پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن.
ئەمە یەکەم سەردانی شەرعە دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.
*دۆخی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا
بەگوێرەی هەندێک سەرچاوەی ڕووسیا، دۆخی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە لوتکەی کارنامەی سەرەکیی کۆبوونەوەی نێوان پووتین و شەرعدا دەبێت.
ئەم سەردانەی سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا بۆ مۆسکۆ دووەم سەردانە، دوای ئەوەی ئەو و پوتین لە 15ی ئۆکتۆبەر لە مۆسکۆ کۆبوونەوە.