مارکۆ ڕۆبیۆ چەند نهێنیی و وردەکاریی گرنگ ئاشکرا دەکات
وڵات تیڤی-هەولێر
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ستراتیژیی نوێی ئەمریکای لە سووریا ڕاگەیاند و بەوردی پەیوەندی ترەمپ لەگەڵ شەرع سەبارەت بە پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی سوریا و ڕێککەوتنەکە خستۆتە ڕوو.
مارکۆ ڕوبیۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا ڕایگەیاند، ئەمریکا دوو بژاردەی لەبەردەمدایە سەبارەت بە سوریا، یەکەمیان ڕێگەدان بە دابەشکردنی سوریا بۆ 18 بەشی جیاواز، ئەمەش دەبووە هۆی شەڕێکی درێژخایەنی ناوخۆ و ناسەقامگیری و شەپۆلی گەورەی کۆچکردن. هەروەها سوریا دەبووە زەمینەی زاوزێی تیرۆریستانی داعش، و ڕێگەی بۆ گەڕانەوەی ئێران خۆش دەکرد.
*بژاردەی دووەم
ڕوبیۆ هەروەها ڕایگەیاند، بژاردەی دووەم هەوڵدان بوو بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەتی کاتی سووریا و ئەحمەد شەرع و ئێمەش ئەم بژاردەیەمان هەڵبژارد بۆ پشتیوانیکردن لە سەقامگیری.
*ناوەڕۆکی پەیوەندییەکە
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، کاتێک شەڕەکە له باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستیپێکرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوو جار پەیوەندی به سەرۆکی سووریاوه کرد و داوای لێکرد، شەڕەکه ڕابگرێت بۆ ئەوەی دیلەکانی داعش لەو ناوچەیه بگوازرێنەوە. لە سایەی ئەو هەوڵانەدا هەزاران زیندانی داعش بۆ عێراق گوازرانەوە و ڕێگای هەڵهاتن و هەڕەشەی داهاتوویان گیرا.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند که ڕاگرتنی شەڕەکان کاتی پێداون بۆ کارکردن لەسەر ڕێکەوتننامەکه بۆ ئەوەی کورد بگرێتەوه، ئێستاش دەبێت ئه م ڕێککەوتنه جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەمه ئاسان نابێت.
*"کۆبوونەوەیەکی مێژوویی"
هەروەها مارکۆ ڕوبیۆ باسی لە دیدارەکەی لەگەڵ مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزی ئاسمانی دیموکراتی کوردستان و ئەسەد شەیبانی وەزیری دەرەوە لە میونشن کرد و بە کۆبوونەوەیەکی مێژوویی ناوی برد.
لە لایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە پێویستە ڕێککەوتنێکی دیکە لەگەڵ دروز و بەدەوی و عەلەوی و تەواوی کۆمەڵگەی سوریا بکرێت.