جێگری ترەمپ: لەگەڵ ئێران نەگەیشتینە ڕێککەوتن و دەگەڕێینەوە ئەمریکا
وڵات تیڤی-هەولێر
لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، کۆبوونەوەیەکی درێژخایەن لەنێوان هەردوو شاندی ئەمریکا و ئێران بەڕێوەچوو کە زیاتر لە 15 کاتژمێری خایاند.
سەرچاوە پاکستانییەکان بەگشتی کۆبوونەوەکەیان بە شێوەیەکی ئەرێنی هەڵسەنگاند، بەڵام هێشتا هەردوو لا لەسەر زۆر بابەت ڕێکنەکەوتبوون.
*هەڵوێستی ئەمریکا
لە لایەنی ئەمریکاوە جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەکە سەرکەوتوو نەبووە و شاندەکەیان بەبێ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن دەگەڕێنەوە ئەمریکا. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، دوایین و باشترین پێشنیازەکانیان خستووەتە ڕوو، بەڵام ئێران مەرجەکانیان قبووڵ نەکردووە، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە پرسی چەکی ئەتۆمییەوە هەیە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سەرەڕای هەموو شتێک، دانووستانەکان زۆر قووڵن و بەردەوام دەبن، هاوکات هۆشداریشیدا لەوەی هەر هاوکارییەکی چین بۆ ئێران لێکەوتەی جیددی دەبێت.
*هەڵوێستی ئێران
لای خۆیەوە حکومەتی ئێران ڕایگەیاند کە ئەم دانووستانانە لەسەر بابەتگەلێکی گرنگ، وەک هەڵگرتنی گەمارۆکان، کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ناوچەکە، پرسی ئەتۆمی و ئاسایشی گەرووی هورمز ئەنجامدراون.
*هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەردەوامن
بەپێی لێدوانەکانی ئەم دواییە، شاندەکانی هەردوو وڵات هێشتا لە پەیوەندیدان و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بە نێوەندگیریی پاکستان بەردەوام دەبن، هەرچەندە ئەم خولەی دانووستانەکان بێ ئەنجام بووە.