دیمەشق.. قوتابخانە کوردییەکان 19 مەدالیایان لە پاڵەوانێتیی سووریا بۆ تایکواندۆ بەدەستهێنا

وڵات تیڤی ـ هەولێر 

ئەمڕۆ شەممە، لە میانەی کێبڕکێیەکانی پاڵەوانێتی سووریا بۆ تایکواندۆ لە دیمەشقی پایتەخت کۆتاییان هات، کە بە بەشداری 24 تیپ لە پارێزگا جیاوازەکانەوە بەڕێوەچوو، لەنێویاندا سێ قوتابخانەی تایکواندۆ لە شارە کوردییەکانەوە، کە ئەمە یەکەم بەشداریکردنیان بوو لە پاڵەوانێتییەکەدا دوای 14 ساڵ.

قوتابخانە بەشداربووەکان کە پێکهاتبوون لە نموور تايکواندۆ، دای دۆ نێودەوڵەتی و سقوور تايکواندۆ، ئەنجامی بەرچاویان بەدەستهێنا و 19 مەدالیای جۆراوجۆریان لە نێوان زێڕ، زیو و بڕۆنزدا بردەوە.

قوتابخانەی نموورتايکواندۆ توانی پلەی سێیەم لەسەر ئاستی سووریا بەدەستبهێنێت، لە کاتێکدا هەردوو قوتابخانەی سقوور تايکواندۆ و دای دۆ نێودەوڵەتی پلەی چوارەمیان بە هاوبەشی بردەوە، ئەمەش دوای پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز و کێبڕکێیەکی بەهێز لە بەدرێژایی پاڵەوانێتییەکەدا.

یاریزانان و ڕاهێنەرانی تیپەکان خۆشحاڵی خۆیان بەو ئەنجامانە دەربڕی کە بەدەستیان هێناوە، و جەختیان کردەوە کە ئەم بەشداریکردنە وێستگەیەکی گرنگ بوو بۆ وەرزشی کوردی، و تێیدا ئاڵای کوردستانیان لە ناو کەشێکی ئاهەنگگێڕاندا کە بە سەما و گۆرانی کوردی ڕازاوەتەوە، بەرزکردەوە.

عەبدولعەزیز عابی، ڕاهێنەری قوتابخانەی "نموور تايکواندۆ"، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ وڵات تیڤی ڕایگەیاند کە پاڵەوانێتییەکە بەشداری 24 تیپی لە ناوچە جیاجیاکانی سووریاوە بەخۆوە بینیوە.

هەروەها رایگەیاند کە قوتابخانە کوردییەکان دوو مەدالیای زێڕ، دوو مەدالیای زیو و نۆ مەدالیای بڕۆنزیان بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا تیپە کوردییەکانی تری بەشداربوو لە دیمەشقەوە سێ مەدالیای تریان بردەوە، بەمەش کۆی گشتی مەدالیا کوردییەکان گەیشتە 19 مەدالیا.

عابی جەختی کردەوە کە ئەم ئەنجامانە ڕەنگدانەوەی توانای وەرزشوانانی کوردە بۆ بەدیهێنانی دەستکەوتەکان و سەلماندنی ئامادەیی خۆیان لە مەیدانە وەرزشییە جیاوازەکاندا، و ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان بەردەوامن لە جێهێشتنی شوێنپەنجەیەکی دیار لە کێبڕکێ ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا.