نێچیرڤان بارزانی: پشتیوانی لە سوریایەکی سەقامگیر دەکەین کە تێیدا مافی هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بێت
وڵات تیڤی ـ هەولێر
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پشتیوانی لە سوریایەکی یەکگرتوو و سەقامگیر دەکەین کە تێیدا مافی هەموو گروپە نەتەوەیی و ئایینییەکان پارێزراو بن.
*دەقی پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
خۆشحاڵ بووم کە ئەمڕۆ بە بانگهێشتى ئەحمەد شەرع، سەردانی دیمەشقم کرد.
دوای ساڵانێکی زۆر لە نەهامەتی و ناخۆشی، ئێستا سووریا دەرفەتێکی مێژوویی لەبەردهمدايه بۆ بووژانەوە، ئاوەدانکردنەوە و گەشەسەندن. متمانەی تەواوم بە ڕوانگەی شەرع دەربڕی و جەختم لەوە کردەوە کە بە سەرکردایەتیی جهنابيان، سووریا دەتوانێت بەرەو سەقامگیریی زیاتر، خۆشگوزەرانی و داهاتوویەکی گەشتر بۆ سەرجەم پێكهاتەکانی گەلەکەی هەنگاو بنێت.
پشتیوانیی خۆمان بۆ سووریایەکی سەقامگیر و یەکگرتوو دووبارە کردەوە کە تيایدا مافی تەواوی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان پارێزراو بێت. هاوکات جەختمان لە گرنگیی ڕۆڵی ئەرێنیی سووریا لە پێشخستنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکەدا، کردەوە.
وەک دراوسێ، سووریا و عێراق و هەرێمی کوردستان خاوەنی گەلێک بەرژەوەندیی هاوبەشن و زەمینەیەکی زۆر و لەبار هەیە بۆ فراوانکردنی هاوکاریی ئابووريی نێوانيان لەپێناو بەرژەوەندیی گەلەکانماندا.