سەرۆک بارزانی پێشوازی لە پەرلەمانتارێكی ئەڵمانیا دەكات

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە پەرلەمانتارێكی ئەڵمانیا دەكات

وڵات تیڤی-هەولێر

ڕۆژی یەكشەممە 9ی ئابی 2026 لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە سەردار یوكسەل ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا كرد.

لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی (سەردار یوكسەل)ـی كرد و خۆشحاڵیی خۆی ڕاگەیاند كە گەنجێكی كورد توانیویەتی ڕۆڵی لە ناوەندە سیاسی و پەرلەمانییەكانی وڵاتی ئەڵمانیادا هەبێت و دەستخۆشی لە هەوڵ و ماندووبوونەكانی كرد لە بوارە جۆراوجۆرەكان و بەرگریكردن لە دۆزی كورد و پەنابەران لە ئەڵمانیا. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە بنەما و پڕەنسیپەكانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان جەختی لە ئاشتیانەبوونی دۆزی گەلی كوردستان كردەوە كە دەبێ كێشەی گەلی كوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەڕێگەی ئاشتیانە و دیالۆگ و بە شێوازی سەردەمیانە چارەسەر بكرێت.

هەر لەو دیدارەدا سەردار یوكسەل پێزانینی بۆ ڕۆڵی مێژوویی سەرۆک بارزانی لە ئازادیخوازی و خەباتی گەلی كوردستان و هەروەها شەڕی تیرۆر و پاڵپشتیكردنی دۆزی كورد لە ڕۆژئاوا هەبوو، ئەوەشی خستەڕوو كە لە ئەڵمانیا و زۆر شوێنی تری جیهاندا خەڵك هەیە كە دۆست و پشتیوان و هاوسۆزی ماف و داواكارییەكانی گەلی كوردستانن. سەردار یوكسەل ئەزموونی هەرێمی كوردستانی بە بەرز و بەهادار لە قەڵەم دا كە پێویستە پشتیوانی بكرێت. هەروەها پێزانینشی بۆ ڕۆڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەبوو لە یارمەتیدان و هاوكاریكردنی لێقەوماوان و ئاوارە و پەنابەران.

بارودۆخی سیاسی و دواگۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆر تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.