ئەردۆغان: ڕێگە نادەین هیچ هێزێک لە باکوری سووریا هەڕەشە لە ئاسایشی تورکیا بکات
وڵات تیڤی ـ هەولێر
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند، ڕێگە بە بوونی هیچ ڕێکخراو و هێزێک نادەن لە باکوری سووریا یان هەر بەشێکی تر کە هەڕەشە لە ئاسایشی تورکیا بکات و یەکڕیزی سووریا بۆ ئەوان گرنگە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە ڕۆژنامەی شەرق ئەوسەتی ڕاگەیاندووە، تەواوی ناوچەکە باجی زۆری شەڕ و تیرۆر و ناسەقامگیریی سووریا داوە، کە ئێستا چووەتە قۆناغێکی نوێ.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان گۆڕانکارییەکانی سووریا بە خاڵێکی مێژوویی دەبینن و هیوادارن ئەم قۆناغە نوێیە ڕێگە خۆشبکات بۆ ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام لە سووریا کە یەکڕیزییان بۆ ئەوان گرنگە.
بە گوتەی ئەردۆغان، ڕێگە بە بوونی هیچ ڕێکخراو و هێزێک نادەن لە باکووری سووریا یان هەر بەشێکی دیکەی کە هەڕەشە لە ئاسایشی تورکیا بکات.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها ڕایگەیاند کە ئەوان ئەرکی خۆیان بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیری لە سووریا و پتەوکردنی ئاشتی ناوچەکە جێبەجێ دەکەن.