بەڕێوەبەری دەروازەی سێمالکا: دەروازەکە تا کاتژمێر 8ی شەو کراوە دەبێت و دواتر 24 کاتژمێر کراوە دەبێت
وڵات تیڤی ـ هەولێر
بەڕێوەبەری دەروازەی سنووری سێمالکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ڕۆژانی هەفتەدا تا کاتژمێر 8ی شەو دەروازەکە کراوە دەبێت بۆ هاتوچۆی سەرنشینەکان و کار بۆ ئەوە دەکرێت کە دەروازەکە 24 کاتژمێر کراوە بێت.
حەمود حەمود بەڕێوەبەری دەروازەی سنووری سێمالکا، لە میانی سەردانەکەی شاندێکی حکوومەتی بۆ فڕۆکەخانەی قامیشلۆ و دەروازەی سنووریی قامیشلۆ- نسێبین، ئەمەی ڕاگەیاند، کردنەوەی دەروازەکە تا کاتژمێر 8ی شەو یەکەم هەنگاوە بۆ زیادکردنی کاتی هاتوچۆی سەرنشینەکان.
بە گوتەی حەمود، لەکاتی تەواوبوونی ڕێوشوێنە پێویستەکان، دەوام لە دەروازەی سنووری سێمالکا بۆ 24 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا زیاد دەکرێت.
سەبارەت بە هاتووچۆی بازرگانی و تێپەڕینی کاڵاکان، حەمود ڕایگەیاند، دەروازەکە 24 کاتژمێر کراوە دەبێت بۆ هاتوچۆی بازرگانی.