SPC: سووریا ڕۆژانە نزیکەی 6 ملیۆن مەتر سێجا غاز هاوردە دەکات
وڵات تیڤی ـ هەولێر
سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی سووریا ڕایگەیاند، ڕۆژانە سوریا نزیکەی 6 ملیۆن مەتر سێجا غاز هاوردە دەکات و لە چەند مانگێکی تر لە ساڵی داهاتوودا دروستکردنی هێڵی بۆری بۆ گواستنەوەی نەوت لە عێراقەوە بۆ سووریا دەستپێدەکات.
یوسف قەبەلاوی سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی سووریا، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، سووریا ڕۆژانە نزیکەی 6 ملیۆن مەتر سێجا غاز لە ئازەربایجان و ئوردنەوە هاوردە دەکات و بەرهەمی ڕۆژانەی سووریا نزیکەی 9 ملیۆن مەتر سێجایە.
قەبەلاوی ئاماژەی بەوەشکرد، سووریا پێویستی بە 15-16 ملیۆن مەتر سێجا غاز هەیە لە ڕۆژێکدا بۆ ئەوەی هەموو وێستگەکانی کارەبای ئێستای کاربکات.
بەگوتەی قەبەلاوی، سووریا دەیەوێت تا ساڵی 2029 چوار وێستگەی نوێی کارەبا دروستبکات و ئەو وێستگانەش ڕۆژانە لانیکەم پێویستیان بە 30 ملیۆن مەتر سێجا غاز دەبێت بۆ ئەوەی کارەبایان پێبدات.
سەبارەت بە نەوت، قەبەلاوی ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی داهاتوودا دەست بە دروستکردنی هێڵی بۆری نەوت لە عێراقەوە بۆ سووریا بکرێت.