بۆچی د. عەبدولحەکیم بەشار بڕیاری دا بەشداری لە «دیداری مێری» لە هەولێر نەکات؟
د. عەبدولحەکیم بەشار
بانگهێشتنامەیەکم لە «دیداری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی 2026 - مێری» پێگەیشت بۆ بەشداریکردن لە چالاکییەکانی کە بڕیارە لە 12 و 13ی ئەم مانگە بەڕێوە بچن. بەڵام دوای پێداچوونەوە بە بەرنامەی دیدارەکەدا، بڕیارم دا بەشداری نەکەم؛ ئەمەش لەبەر ئەوەی هەستم بە جۆرێک لە لایەنگیری و نارێکی کرد لە ڕوانگەی دیدارەکە بۆ پرسی کورد لە سووریا، بەتایبەت لە مەسەلەی نوێنەرایەتیکردنی سەرجەم ڕوانگە و ئاراستە سیاسییە جیاوازەکانی کورددا.
لە بەرنامەی دیدارەکەوە دیارە کە لایەنگیرییەک هەیە بۆ لایەنێکی سیاسی کە هەڵگری پڕۆژەکانی «نەتەوەی دیموکراتیک» و «برایەتیی گەلان»ە و پرسی کورد تەوەری سەرەکیی سیاسەتەکانی پێکناهێنێت؛ لە بەرامبەردا، پەراوێزخستنێکی ڕوون هەیە بۆ نوێنەرانی ئەو بزووتنەوە سیاسییە کوردییەی سووریا کە پرسی کورد کڕۆکی خەبات و بایەخی سیاسییەتی و خاوەنی دیدگای تایبەتی خۆیەتی بەرامبەر بە داهاتووی گەلی کورد و مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی.
دارشتنی گفتوگۆیەکی جددی و بابەتیانە لەسەر پرسی کورد لە سووریا، پێویستی بە بیستنی دەنگی سەرجەم هێز و ئاراستە سیاسییە کوردییەکان و ڕەخساندنی دەرفەت بۆیان هەیە تا ڕوانگەی خۆیان لەسەر داهاتووی سووریا، واقيعی گەلی کورد، ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی دۆزەکە دەبنەوە، لەگەڵ ڕێگەچارەی ئاشتییانە بۆ مسۆگەرکردنی مافە نەتەوەیی و دەستوورییەکانیان بخەنە ڕوو.
پرسی کورد ناکرێت لە تەنیا پڕۆژەیەکی سیاسیدا کورت بکرێتەوە، و دروستیش نییە تەنیا لە گۆشەنیگای لایەنێکی دیاریکراوەوە تەماشا بکرێت، جیاوازی نەکات پێگە و نفوزی هەرچەندێک بێت. پرسی کورد مەزنتر لەوەی لایەنێکی سیاسی قۆرخی بکات؛ ئاخر ئەمە پرسی گەلێکە کە خاوەنی ماف و ئاوات و داواکارییەکی ڕەوایە و دەبێت لە هەر ئاخاوتنێکی جددیدا لەسەر داهاتووی سووریا، ئامادەیییەکی بەهێزی هەبێت.
جێی سەرنجە کە ئەم کێشەیە لە چالاکییەکانی پێشووتری «دیداری مێری»شدا دووبارە بووەتەوە، ئەمەش پرسیاری جدی لەسەر ئاستی پابەندبوونی ئەم دامەزراوە توێژینەوەییە دروست دەکات بەرامبەر بە بنەماکانی بێلایەنی، هاوسەنگی و فرەیی، کە دەبێت هەوێنی کارکردنی هەر ناوەندێک بن کە بایەخ بە توێژینەوە و شیکردنەوەی پرسەکانی ناوچەکە دەدات.
سنووری گرنگیی دامەزراوە توێژینەوەییەکان تەنیا بە ژمارە و فرەییی بەشداربووانیان ناپێورێت، بەڵکو بە توانایان لە نوێنەرایەتیکردنی فرەرەنگیی ڕاکان و ڕەخساندنی دەرکە بۆ هەموو لایەنەکان دەپێورێت تا بێ دەستچینکردن و بێ پێشخستنی دیدێک بەسەر دیدێکی تردا، هەڵوێستی خۆیان دەربڕن.
بڕیاری بەشدارینەکردنم نیشانەی ڕەتکردنەوەی دیالۆگ یان کەمکردنەوەی گرنگیی دیدارە نێودەوڵەتییەکان نیست؛ بەڵکو لەو باوەڕەوە سەرچاوە دەگرێت کە دیالۆگی ڕاستەقینە بە دانپێدانان بە فرەییی سیاسییەوە دەست پێدەکات، هەروەها بە ڕەخساندنی زەمینەی ڕەوا بۆ نوێنەرانی بزووتنەوە سیاسییە کوردییەکان تا هەڵوێست و ڕوانگەی خۆیان بخەنە ڕوو، نەک تەنیا ڕەزامەندبوون لەسەر لایەنێک و ناساندنی ڕوانگەکەی وەک دەروازەی سەرەکی بۆ تێگەیشتن لەم پرسە.
لە سەرچاوەی ئەم ڕوانگەیەوە، پێداچوونەوەی «دیداری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی 2026 - مێری» بە شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ پرسی کورد لە سووریا، و پێداچوونەوەی بە میتۆدی هەڵبژاردنی بەشداربوواندا بە جۆرێک کە نوێنەرایەتییەکی هاوسەنگ بۆ سەرجەم ئاراستە سیاسییە کوردییەکان مسۆگەر بکات، دەبێتە هۆی بەهێزکردنی متمانەی توێژینەوەیی، چەسپاندنی ڕۆڵی وەک بڕگەیەکی کراوە بۆ دیالۆگی جددی، و بەشداریکردن لە بنیاتنانی تێگەیشتنێکی گشتگیرتر و بابەتیانەتر بۆ پرسی کورد و داهاتووی لە سووریا.