ئەنەکەسە ڕەخنە لە دیداری مێری دەگرێت و هەڵوێستی بارەگای بارزانی زۆر بەرز دەنرخێنێت
وڵات تیڤی ـ هەولێر
بانگهێشتنەکردنی بزووتنەوەی سیاسی سەرەکی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ دیداری مێری کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و ئەنەکەسە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕەخنەی لە دیداری مێری گرت و هەڵوێستی بارەگای بارزانی بەرز نرخاند.
ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا جەختی کردەوە کە بانگهێشتنامەکانی دیداری مێری بۆ کەسایەتییەکان، ئەکادیمییەکان و ئەو کەسانەی گرنگی بە کاروباری کوردی، بە تایبەتی پرسی کورد لە سووریا، دەدەن، دەبێت لەسەر بنەمای هاوسەنگی و گشتگیری بنیات بنرێن و هەموو لایەنە سیاسییە کوردییەکان، لەوانە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی و حیزب و هێزە سیاسییەکانی دیکە، لەخۆ بگرن.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە پشتگوێخستنی لایەنێکی سیاسیی سەرەکی و ڕۆڵی لە نوێنەرایەتیکردنی ویستی گەلی کورد، پەیامی نەرێنی بۆ ڕای گشتیی کوردی دەنێرێت و یارمەتیی یەکگرتوویی و گفتوگۆی بەرپرسانە نادات.
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی هەڵوێست و بەدواداچوونی بارەگای بارزانیی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و ڕاستکردنەوەی ئەم کەموکوڕییە، بە ئەرێنی هەڵسەنگاند.
*"هیچ پەیوەندییەکمان بە دیداری مێرییەوە نییە"
دوێنێ بارەگای بارزانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "هیچ پەیوەندییەکمان بە دیداری مێری 2026 نییە، بەداخەوە کۆبوونەوەی ئەمساڵ نەیتوانی بەشێوەیەکی گونجاو فرەیی سیاسی لەبەرچاو بگیرێت و سەرکەوتوو نەبووە".
بارەگای بارزانی ڕایدەگەیەنێت، دەبوو پرسی کورد لە بەشەکانی کوردستان نوێنەرایەتی بکرایە لەو کۆبوونەوەیەدا بە بەشداریی هەموو لایەنەکان.