بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد؛ چیرۆکی منداڵێکی کورد و بەدیهاتنی خەونی بینینی ڕۆناڵدۆ
وڵات تیڤی - هەولێر
منداڵێکی کورد بە ناوی مستەفا هۆزان شەنگ، تەمەن (چوار ساڵ) دوای نزیکەی سێ هەفتە لە بەدیهێنانی خەونی خۆی بۆ بینینی ئەستێرەی تۆپی پێی پورتوگالی، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژی سێشەممە 23ـی تەمووز، خێزانەکەی لە سۆشیاڵ میدیادا ماتەمینیان بۆ منداڵەکەیان، مستەفا، لە ئەڵمانیا، دوای ململانێ لەگەڵ شێرپەنجە ڕاگەیاند.
چیرۆکی مستەفا
مستەفا هۆزان خەڵکی گوندی تەبکە لە دەوروبەری دێرک لە ڕۆژئاوای کوردستان. خێزانەکەی لە ساڵی 2013 بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێ کەوتن.
پێش ئەوەی مستەفا ساڵی دووەمی تەواو بکات، تووشی شێرپەنجەی گورچیلە بوو، بۆیە باوکی ناچار بووە لە ساڵی 2022 دەست بە گەشتێکی سەخت بۆ ئەوروپا بکات، بۆ ئەوەی خێزانەکە یەکبخاتەوە و گەشتی چارەسەرکردنی منداڵەکەی دەستپێبکات.
*بەدیهێنانی خەون و دیداری ڕۆناڵدۆ
چوونە قوتابخانە و چاوپێکەوتنی ئەستێرەی پورتوگالی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ گەورەترین هیوا و خەونی مستەفا بوو کە بەهۆی نەخۆشییەوە ماندوو ببوو.
سەبارەت بە چۆنیەتی ڕێکخستنی دیدارەکە لەگەڵ ڕۆناڵدۆ، هۆزان شەنگ، باوکی منداڵەکە دەڵێت: لە ئەڵمانیا، مستەفا داوای لە پزیشکانی نەخۆشخانە کرد بۆ بینینی ڕۆناڵدۆ، بە هاوکاری پزیشکەکان و چەند ڕێکخراوێک، لەگەڵیدا کۆبووینەوە.
دوابەدوای یاری نێوان سلۆڤینیا و پۆرتوگال لە پاڵەوانێتیی نەتەوەکانی ئەوروپا “یۆرۆی 2024” لە فرانکفۆرتی ئەڵمانیا لە سەرەتای مانگی تەمموزدا، کریستیانۆ و مستەفا لە ژووری جلگۆڕین یەکتریان بینی.
ئەستێرە پورتوگالییەکە درێسەکەی بە منداڵەکە بەخشی، لەگەڵ واژۆی خۆی و هەروەها واژۆی لەسەر ئەو تۆپە کرد کە مستەفا لەگەڵ خۆی هێنابوو.
#Ronaldo fulfills the dream of a Syrian child with a serious illness#klay #Trump #Biden #America #SCOTUS #Presidenthttps://t.co/Cn0ulGuGw7
— Morning and evening glow (@meglow_24) July 2, 2024
ئەو منداڵە ناوی مستەفا هۆزانە و لەگەڵ دایک و باوکی و سێ لە خوشک و براکانی لە شاری وێتزلاری ئەڵمانیا ژیاون. هەواڵی کۆچی دوایی لە سۆشیاڵ میدیادا کارلێکی بەرفراوانی بەخۆیەوە بینی و پێشەنگەکانی کوردستان و پەیجەکانی هەواڵ و چالاکوانان دڵتەنگییەکی زۆریان بە کۆچی دوایی لەم ژیانە دەربڕی.