لە هەرێمی کوردستان، پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتیی شەترەنجی بارزان بەڕێوەچوو
وڵات تیڤی - هەولێر
لە کەشێکی کێبڕکێ ئامێزدا، لە دەڤەری بارزانی سەر بە پارێزگای هەولێر، پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتیی شەترەنجی بارزان بە بەشداریی 49 یاریزانی ئەو دەڤەرە کە لەنێویاندا گەنجێکی تەمەن 15 ساڵان بەدی دەکرا.
حەمید ئیسماعیل، گەنجترین یاریزانی بەشداربووە و دڵخۆشی خۆی سەبارەت بە بەشداربوونی لەو رووداوە مێژووییەدا دەربڕی کە دووەم جارە ئەم پاڵەوانێتییە لە دەڤەرەکەدا بەڕێوە دەچێت و گوتی، "شانازی بە بەشداربوونی خۆم لە پاڵەوانێتییەکەدا دەکەم و تامەزرۆی بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشم لە پاڵەوانێتییەکە".
پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتیی شەترەنجی بارزان، لەژێر سەرپەرشتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و پاڵەوانێتییەکە سەرنجی کەسایەتییە دیارەکانی شەترەنجی لە جیهان بەلای خۆی راکێشاوە کە هەر یەک لە سکرتێری گشتیی فیدراسیۆنی شەترەنجی ئاسیا و سەرۆکی فیدراسیۆنی شەترەنجی عێراق لە پاڵەوانێتییەکە ئامادەبوون.
هیشام ئەلتاهیر، سکرتێری گشتیی فیدراسیۆنی شەترەنجی ئاسیا، هیوای گەشەسەندنی بۆ ئاستی یاریزانان و بەشداریکردنیان لە پاڵەوانێتییە نێودەولەتییەکان خواست و رایگەیاند، بەڕێوەچوونی ئەم جۆرە پاڵەوانێتییانە هاندەرن بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی یاریزانانی ناوچەکە لە یاریی شەترەنج.
زافر عەبدولئەمیر، سەرۆکی فیدراسیۆنی شەترەنجی عێراق، سەرسامی خۆی بە ئاستی یاریزانانی بەشداربوو دەربڕی و وەکو یەکێتیی فیدراسیۆنی شەترەنجی عێراق، بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکەی لە دەڤەری بارزان بە گرنگ زانی و گوتی، "بارزان ناوچەیەکی لەبار و گونجاوە بۆ میوانداریکردنی ئەم جۆرە پاڵەوانێتییانە".
لە کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا، بەهزاد کەمال، سەرکەوتنێکی نایابی بەدەستهێنا و گوتی، "پاڵەوانێتییەکی نایاب و شانازییەکی گەورەیە بۆ دەڤەرەکە، هەروەها بۆ دووەم جارە لەسەر یەک بتوانم سەرکەوتن لەو پاڵەوانێتییەدا بەدەست بهێنم".
پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتیی شەترەنجی بارزان، دەستکەوتێکی دیکەی وەرزشییە بۆ هەرێمی کوردستان و پێگەیەکی بەهێزیش لە یاریی شەترەنج بۆ دەڤەرەکە جێگیر دەکات.