گەنجێکی خەڵکی قامیشلۆ، بووە سەرۆکی فیدراسیۆنی هونەری جەنگیی (JKD) - لقی هەولێر

گەنجێکی خەڵکی قامیشلۆ، بووە سەرۆکی فیدراسیۆنی هونەری جەنگیی (JKD) - لقی هەولێر

وڵات تیڤی - هەولێر

ژیا مووسا زاخۆرانی، گەنجێکی خەڵکی قامیشلۆ، بە سەرۆکی فیدراسیۆنی (Jeet Kune do) - لقی هەولێر کە هونەرێکی جەنگییە، هەڵبژێررا.

زاخۆرانی لە رۆڵەکەیدا، بەئامانجی برەودان بەم هونەری جەنگییە و بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتیی تایبەت لە هەولێر، سەرپەرشتیی راهێنانی تایبەت بە گرووپە جیاوازەکان لە ئاستی منداڵان و گەنجان دەکات.

زاخۆرانی کە خەڵکی قامیشلۆی کوردستانی سووریایە، لە گفتوگۆیەکی تایبەت لەگەڵ وڵات تیڤی، جەختی لەسەر هەوڵەکانی بۆ فەراهەمکردنی دەرفەتی بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکاندا بۆ پەنابەران لە هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی، "من خۆم یەکێک بووم لەو کەسانەی رووبەڕووی سەختی بوومەتەوە، بەڵام پێگەکەم وەکو دەرفەتێک بۆ چارەسەری ئەم جۆرە گرفتانە بەکار دەهێنم".

لە هەوڵەکانیدا بۆ گەشەسەندنی (Jeet Kune Do) لە هەولێر ئاشکرای کرد، لە ئێستادا کار لەسەر مەشقپێکردنی راهێنەران دەکەین و هەروەها گوتی، "راهێنەران بەتامەزرۆوە لە وانەکانیان ئامادە دەبن".

زاخۆرانی سەبارەت بە سەرکەوتنەکانی تیم دەڵێت، "دوو ساڵ لەمەوبەر بەشداریمان لە پێشبڕکێیەکی فراوان کرد و توانیمان پلەی یەکەم بەدەست بهێنین، وە لە 18 مانگی دوازدەش، وەکو رێکخەر بەشداری لە پاڵەوانێتییەک دەکەین کە لەسەر ئاستی گشتیی عێراق بەڕێوە دەچێت و ئامانجیشمان بەدەستهێنانی پلەی یەکەمە".

زاخۆرانی، لە پوختەی قسەکانیدا گوتی، "دەرگەی بەشداریکردن بۆ هەر پەنابەرێک واڵایە کە ئارەزوو و توانای بەشداریکردنی هەبێت لە پاڵەوانێتییەکەدا".

لە رۆشنایی کاریگەرییە ئەرێنییەکانی زاخۆرانی، دوو یاریزانی ئافرەت خەون بە بەدەستهێنانی پشتێنەی رەش و بەشداریکردنی لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکانەوە دەبینن.