عومەر ئەلسۆمەی سووری، بەر لە دەستپێکردنی جامی نەتەوەکانی ئاسیا-2023، واز لە یاریی نێودەوڵەتی دەهێنێت
وڵات تیڤی - هەولێر
بەر لە دەستپێکردنی جامی نەتەوەکانی ئاسیا بۆ ساڵی 2023، عومەر ئەلسۆمە، یاریزانی پیشەگەری هەڵبژاردەی سووریا و هێرشبەری یانەی ئەلعەرەبیی قەتەری، بەشێوەیەکی لەناکاو بڕیاری وازهێنانی لە یاریکردن دا.
ئەم بڕیارەی عومەر لە کاتێکدایە، هێکتۆر کوپەر، راهێنەری بەڕەگەز ئەرجەنتینی، سەرەڕای نەبوونی هیچ پێکانێک، ناوی یاریزانەکەی لە پێکهاتەی هەڵبژاردەی سووریا سڕییەوە.
عومەر ئەلسۆمە، لە لێدوانێکی بۆ کەناڵی ئەلکاس تیڤی، بەبێ ئاشکراکردنی زانیاریی زیاتر لەبارەی بڕیارەکەی گوتی، "بەفەرمی بڕیاری وازهێنانم لە یارییە نێودەوڵەتییەکان دا".
سەرچاوەیەک لە ستافی تەکنیکی هەڵبژاردەی سووریا، سەبارەت بە بڕیاری بانگهێشتنەکردنی عومەر، بە رۆژنامەی ئەلیەومی راگەیاند، بڕیاری بانگهێشتنەکردنەکە بڕیارێکی تەکنیکی بووە و یاریزانەکە هیچ پێکانێکی نییە.
شایانی باسە عومەر ئەلسۆمە، لە ساڵی 2012 دەستی بە یاریی نێودەوڵەتی کردووە و لە بەشداریی 31 یاریدا 12 گۆڵ و دوو ئەسیستی بۆ هەڵبژاردەی سووریا تۆمار کردووە.
هەروەها لە 17 یاریی ئەم وەرزەی لەگەڵ یانەی ئەلعەرەبیی قەتەری، 12 گۆڵ و دوو ئەسیستی تۆمار کردووە.