قەتەر.. فێرگەی نێودەوڵەتیی تایکواندۆی پڵنگەکان سێ خەڵاتی بەدەستهێنا

وڵات تیڤی - هەولێر

تیمی فێرگەی نێودەوڵەتیی تایکواندۆی پڵنگەکان لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، بەشداری پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی تایکواندۆی قەتەریان کرد و چەندین خەڵاتی بەدەستهێنا.

لەو کێبڕکێیەدا هەریەک لە ڕۆژدا ئیبراهیم، یاریزانی فێرگەی تایکواندۆی پڵنگەکان پلەی سێیەم و بەحر عەباس پلەی پێنجەم و فاتیمە قاسمیش پلەی پێنجەمی بەدەستهێنا.

پێشبڕکێی نێودەوڵەتی قەتەر یەکێکە لە گەورەترین پێشبڕکێکانی تایکواندۆ لە جیهاندا، کە هەزار و 300 یاریزان لە 40 وڵاتەوە بەشدارییان تێدا کردووە.

هەروەها لە مانگی شوباتدا تیمی قوتابخانەی تایکواندۆی پڵنگەکان بەشداری لە چوارەمین پێشبڕکێی بۆکسێنی عەرەبی لە شاری ئەلفجێرا لە وڵاتی ئیمارات کرد و ژمارەیەک خەڵاتیان بەدەستهێنا.

قوتابخانەی تایکواندۆی نێودەوڵەتیی پڵنگ لە ساڵی 2009 لە شاری حەسەکە دامەزراوە و نزیکەی 50 خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە.