لەبەر کەمیی کارەبا بازاڕی کڕین و فرۆشتنی زۆپای کارەبایی لە ڕۆژئاوای کوردستان لاواز بووە
وڵات تیڤی - هەولێر
پێشتر ئامێری گەرمکەرەوەی کارەبایی باشترین جێگرەوەی زۆپای نەوت بوو لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام ئێستا خەڵک بەهۆی کەمیی کارەبا ناتوانن بەکاری بهێنن.
زۆپای کارەبایی پێویستی بە کارەبای زۆر هەیە، بەڵام بەهۆی خراپیی بارودۆخی ئابوورییەوە بەکارهێنانی کارەبا سەخت بووە.
زۆربەی خەڵک ئەوپەڕی چوار ئەمپێری کارەبایان ڕاکێشاوە، بەڵام بۆ بەکارهێنانی زۆپاکانی کارەبایی پێویستە لانیکەم حەوت یان هەشت ئەمپێری کارەبا هەبێت.
*کڕینی زۆپای کارەبایی کەمی کردووە
10% خەڵکی قامیشلۆ زۆپای کارەبایی بەکاردەهێنن، ئەو کەسانەی کە دۆخی داراییان باشە و ژمارەیەکی زۆر ئەمپێریان کێشاوە.
ئێستا ئامێرەکانی گەرمکەرەوەی کارەبایی لە بازاڕ بە دۆلار دەفرۆشرێن، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی فرۆشیان لە بازاڕەکاندا.
ماوەی زیاتر لە ساڵێکە کارەبای نیشتمانی لە شاری قامیشلۆ پچڕاوە و خەڵک ناچاربوون بە نرخێکی گران ئەمپێر بکڕن و بێبەش بوون لە زۆرێک لەو ئامێرانەی کە بە کارەبا کار دەکەن.