ئەڤینا وەڵات سێ بەرهەمی نوێی هونەری ئامادە دەکات

وڵات تیڤی - هەولێر

هونەرمەندی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەڤینا وەڵات، خەریکی ئامادەکردنی سێ بەرهەمی نوێی هونەرییە کە بەم نزیکانە بڵاویان دەکاتەوە.

ئەڤینا وەڵات بە کەناڵی وڵاتی ڕاگەیاند، گۆرانی یەکەم لە کولتووری عەفرین دەبێت، گۆرانی دووەمیش لە هەڵبەستەکانی "ئاخینا وەلات" و ئاوازەکانی خالید سۆفی دەبێت.

هەروەها بەرهەمی سێیەم لەسەر منداڵانە و ئەڤینا وەڵات بەم شێوەیە باسی دەکات: "کاتێک دایک منداڵەکانی دەخەوێنێت، گۆرانی ئارامکەرەوەیان بۆ دەڵێت، بۆیە دەبێت بەرهەمەکەش هەر لەو جۆرە بێت".

هونەرمەند ئەڤینا کە لە ئەڵمانیا دەژی، ئێستا بەمەبەستی سەردان ە باشووری کوردستانە، کاتێکیش دەگەڕێتەوە ئەڵمانیا، ئامادەکاریی بۆ تۆمارکردنی بەرهەمە نوێیەکانی دەکات، کە ڕەنگە لە ماوەی شەش مانگدا بڵاو بکرێنەوە. کاتێک بەرهەمەکانی ئامادە دەبن، ڕاستەوخۆ و بە تایبەتی پێشکەشی "وڵات تیڤی"یان دەکات.

ئەڤینا وەڵات میوانی بەرنامەی "هونەری وڵات" لە کەناڵی "وڵات" بوو کە بەم زووانە پەخش دەکرێت، هەروەها بۆ بەشداریکردنی لە بەرنامەکە سوپاسی کەناڵی وڵاتی کرد کە دەرفەتی پێدا خۆی زیاتر بە خەڵک بناسێنێت.