هەولێر.. خواستێکی زۆر لەسەر ماڵاتی سووری لە بازاڕی ئاژەڵاندا هەیە
وڵات تیڤی - هەولێر
مەیدانی ئاژەڵان لە شاری هەولێر نمایشکردنی چەندین جۆری ئاژەڵی بەخۆوە بینی لەوانە ئەو ئاژەڵانەی لە سووریاوە هاتبوون.
لە بازاڕی ئاژەڵانی هەولێر، مەیدانێکی تایبەت بە نمایشکردن و فرۆشتنی ئاژەڵی سووری هەیە و زۆرێک لە بازرگانانی ڕۆژئاوای کوردستان لەوێ کور دەکەن و کڕین و فرۆشتنیان پێ دەکەن کە بەهۆی کوالێتی گۆشتەکەی و تامە جیاوازەکەیەوە خواستێکی زۆری لەسەرە.
*نرخ و بابەتی بەردەست
کاسبکار لوقمان باشۆ خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە، بە وڵات تیڤی ڕاگەیاند: بەپێی نرخی ئەمڕۆ، مەڕی قەڵەو کە کێشی زیاتر لە 60 کیلۆگرامە، کیلۆی بە نزیکەی 7 هەزار و 250 دیناری عێراقی دەفرۆشرێت، ئەوانەشی کە کێشیان لە 50 کیلۆ کەمترە بە 8 هەزار دینار دەفرۆشرێت، هەروەها بزنیش بۆ هەر کیلۆیەکی نرخەکەی بە 8 هەزار دینارە.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە هەموو جۆرە ئاژەڵێک دەفرۆشین کە لە سووریاوە هاوردەی دەکەین، بریتین لە مەڕ، بەرخ، بزن و ئاژەڵی دیکە.
*هەناردەکردنی ئاژەڵی سووریا بۆ بەغدا
کاسبکارێک بە ناوی خالید، دەڵێت: ” ئاژەڵە سوورییەکان بە کێشێکی زۆر گونجاو دەگەنە ئێرە، کڕیارانی عێراقیش بە لێشاو ڕوودەکەنە کڕینی و گواستنەوەیان بۆ بەغدا، نرخی یەک کیلۆ دەگاتە 7 هەزار و 300 دیناری عێراقی.
*چارەسەرکردنی ئاژەڵ پێش فرۆشتن
دەرمانساز یوسف، کە لە دەرمانخانەکەی بازاڕی ئاژەڵاندا کاردەکات، بە وڵات تیڤی گوت: ئەو ئاژەڵانەی هەناردە دەکرێن بۆ ئێمە، قەڵەو دەکرێن و ئامادە دەکرێن بۆ فرۆشتن، پێویستییان بە هەندێک چارەسەر هەیە پێش ئەوەی بفرۆشرێن، بەهۆی ئەو گەشتە دوور و درێژەی گواستنەوەیان لە سووریاوە بۆ ئێرە کە لەوێدا بەرکەوتەی ماندوێتی و سەختی دەبن.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە ژەمی دژە ستامین و دژە سترێس و دژە ژەهر بە ئاژەڵەکان دەدەین، بۆ ئەوەی قاچەکانیان ئیفلیج نەبن یان کاریگەری لەسەر ئەو خۆراکە نەبێت کە دەیخۆن، هەروەها بازرگانان ئاگادار دەکەینەوە کە ئاژەڵەکان ڕاستەوخۆ دوای وەرگرتنی چارەسەر سەریان نەبڕدرێت، چونکە تایبەتمەندی گۆشتەکانیان دەگۆڕێت و دەبێت بۆ ماوەی 10 بۆ 15 ڕۆژ چاوەڕێ بکەن پێش سەربڕین.
سەرەڕای ساڵانی تاڵ و سەختی شەڕ کە سووریا پێیدا تێپەڕیوە، هێشتا جوانترین جۆری گۆشت و بەرهەم هەناردە دەکات و بازاڕەکانی دەرەوەش لە وڵاتانی جۆربەجۆری عەرەبی و بیانی پڕ لە بەرهەمی سوورین کە بە کوالێتی بەرز و نرخێکی گونجاو ماونەتەوە.