بەهۆی نەبوونی باران و هەڕەشەکانی تورکیا زۆرێک لە زەوییەکانی کۆبانی نەچێنراون

بەهۆی نەبوونی باران و هەڕەشەکانی تورکیا زۆرێک لە زەوییەکانی کۆبانی نەچێنراون

وڵات تیڤی - هەولێر

بەهۆی نەبوونی باران و هەڕەشەکانی تورکیا، هێشتا زۆرێک لە زەوییەکانی شاری کۆبانی نەچێنراون.

تا ئێستا ئەمساڵ بارانێکی باش نەباریوە، جووتیارانی کۆبانێ نیگەرانن، هێشتا زۆربەی زەوییەکان نەچێنراون و هیچ چارەسەرێکیش شک نابەن تەنیا ئەوەی هیوایان بە بارانبارین هەیە.

لە لایەکی دیکەوە، بە هۆی تۆپباران و بۆردومانی بەردەوامی تورکیا لە نزیک سنوور، زۆرێک لە کێڵگەکانی گوندەکانی کۆبانێ لەسەر سنوور لەگەڵ تورکیا بە بێ بەرهەم ماونەتەوە.

*جوتیاران بێ ئومێد بوون

ئەمەش بێزارییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، خەڵکی گوندەکە دەڵێن ئەگەر ئێستا کێڵگەکانیان بچێنن و بارانیش ببارێت، هیچ سوودێکی نابێت، بەو پێیەی ماوەیەکی باش تێپەڕیوە لەو کاتەوەی وەرزی چاندن دەستی پێ کردووە.

کشتوکاڵ سەرچاوەی سەرەکی داهاتی خەڵکی کۆبانێیە، بۆیە ئەگەر وەرزی چاندن خراپ بێت، دۆخێکی سەخت لەو شارەدا دروست دەبێت، بەتایبەتی کە تێچووی چاندنی گەنم بۆ هەر هێکتارێک لە دەوروبەری 90 دۆلاری ئەمریکیدایە.