مەزڵووم عەبدی: ئامادەین سەرچاوە نەوتییەکان ڕادەستی دیمەشق بکەین

مەزڵووم عەبدی: ئامادەین سەرچاوە نەوتییەکان ڕادەستی دیمەشق بکەین

وڵات تیڤی - هەولێر

هەسەدە دەڵێت ئامادەیە سەرچاوە نەوتییەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی ڕادەستی دیمەشق بکات.

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلشەرق ڕایگەیاند، "بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر"ی پەیەدە ئامادەیە سەرچاوە نەوتییەکان ڕادەستی دیمەشق بکات، بە مەرجێک دابەشکردنەکە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بێت بەسەر هەموو ناوچەکانی سووریادا.

سەبارەت بە سیستمی وڵات لە سووریای نوێ، عەبدی ئاماژەی بەوەدا کە لامەرکەزی گونجاوترین بژاردەیە بۆ دۆخی ئێستای سووریا و دژی چەمکی یەکپارچەیی خاکی سووریا نییە.

هەروەها مەزڵووم عەبدی ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات ئامادەیە بچێتە ناو وەزارەتی بەرگریی نوێی سووریا، بەڵام پێویستە وەک هێزێک بخرێتە ناوەوە نەک وەک تاکی جیا.

سەبارەت بە پێشنیازی تورکیا بۆ ئەوەی ئەنقەرە بەرپرسیارێتیی بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریا و سەرپەرشتیکردنی زیندانەکان بگرێتە ئەستۆ، عەبدی ئەمەی ڕەتکردەوە و گوتی ئەمە کارێکی مەحاڵە.