دارا ستری، کاریکاتێریستی کورد، کۆچی دوایی کرد
وڵات تیڤی - هەولێر
دارا ستری کاریکاتێریستی کورد لە تورکیا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد.
علی شێخ حەمۆ، ئامۆزای کاریکاتێریستی کورد دارا ستری، بە وڵات تیڤی ڕاگەیاند: "دوێنێ 20ی1ی2025، دوای چەند ڕۆژێک لە وەرگرتنی چارەسەر، لە شاری ئەستەنبوڵ کۆچی دوایی کرد."
دارا ستری نووسەری چەندین بەرهەمە، لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە ئازار و مەینەتیەکانی گەلی کوردی دەردەبڕی.
*بەرهەم
دوایین کارەکانی لەسەر دواکەوتنی ڕۆیشتنی شاندی هاوبەشی کورد بوو بۆ دیمەشق و پێش ئەوەش تابلۆیەکی لەسەر ئاوارەبوونی دانیشتووانی عەفرینی لە شەهبا کێشابوو.
*ژیاننامە
ناوی محەمەد شێخ حەمۆیە، خەڵکی گوندی بورجە لە نزیک شاری باب، بەڵام لە شاری حەلەب لەدایک بووە و گەورە بووە، هەروەها دانیشتووی گەڕەکی شێخ مەقسود بووە.
دوای شۆڕشی سووریا، ڕووی لە تورکیا کرد، لەوێ لەگەڵ خێزانەکەی ژیاوە، سێ ڕۆژ پێش ئێستا تووشی جەڵتەی دڵ بوو و دوێنێ کۆچی دوایی کردووە.
*لە عەفرین بەخاک دەسپێردرێت
بڕیار دراوە کە تەرمەکەی لە ناوچەی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان بەخاک بسپێردرێت.