دیمەشق.. کۆتاییهاتنی سەردەمی قەدەغەکردنی کتێب و گۆشەگیرکردنی نووسەران و خوێنەران و کتێبخانەکان

دیمەشق.. کۆتاییهاتنی سەردەمی قەدەغەکردنی کتێب و گۆشەگیرکردنی نووسەران و خوێنەران و کتێبخانەکان

وڵات تیڤی - هەولێر

ئازادی خوێندنەوە و کڕین و فرۆشتنی کتێب لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا لەژێر سانسۆرێکی توندەوەبوو، چونکە پرسیارکردن لە هەندێک ناو و ناونیشان ڕەنگە هۆکارێک بووبێت بۆ لێپرسینەوەی ئەمنی و تەنانەت دەستگیرکردن و دادگاییکردن.

خوێنەرێک بە وڵات تیڤی دەڵێت: "ئەو کتێبانەی ئەمڕۆ بەدوایدا دەگەڕێم، ئەگەر 60 ڕۆژ پێش ئێستا پرسیارم لەبارەیانەوە کردبا، ژیانم دەخستە مەترسییەوە.

ناوبراو گوتیشی: جیاکاریی مەزهەبیی لەنێوان خەڵک لەلایەن دەزگا ئەمنییەکان و هەواڵگرییەکانەوە بەگوێرەی ئاراستەی فیکرییان دەکرا و هەندێک چالاکیی وەک گفتوگۆی ئایینی، سیاسی، وتاردان، یان تەنانەت کڕینی کتێبێکی دیاریکراو لەوانەیە توڕەیی ڕژێمیان ورووژاندبا."

*کتێب لە کتێبخانەکاندا قەدەغەکراوە

کتێبفرۆشێک لە دیمەشق پشتڕاستی دەکاتەوە کە زۆرێک لە کتێبەکان لە فرۆشتن، کڕین، یان تیراژکردن قەدەغەکراون، سەرەڕای ئەوەی پەیوەندییان بە سیاسەتەوە نەبووە یان ناوەڕۆکەکانیان دژی ڕژێمی پێشوو بووبێت.

هەروەها دەڵێت: کتێب هەبوون کە تەنیا لەبەر هەڵوێستی نووسەرانیان سەبارەت بە ڕژێم کە لە لیستی داواکراوی ئەمنی و هەواڵگریدابوون قەدەغە دەکران، یان لەبەر ئەوەی ناونیشانەکانیان ئیستفزازی دەسەڵاتی دەکرد و ئاماژەیان بە کارەکانی دەکرد، قەدەغە کرابوون.

دەشڵێت: "لیستی دورودرێژی کتێبی ئایینی هەبوون کە لە سووریا قەدەغەکرابوون."

*گرفتی قوتابییان لە توێژینەوەی زانستیدا

قوتابییەک بە وڵات تیڤی دەڵێت، "لە سەردەمی شۆڕشدا، قوتابییان دەترسان لە گەڕان بەدوای هەندێک سەرچاوەدا کە هاوکاریان بن لە توێژینەوەکانیان لە زانکۆ."

هەروەها ڕایگەیاند: له تەفسیرکردنی قورئانی پیرۆزدا زۆر پێویستم به هەندێک سەرچاوە بوو، بەڵام ترسام له گەڕان و پرسیارکردن لەبارەیانەوە، بۆیه پەنام بۆ ئەو سەرچاوانە برد کە لە ئینتەرنێتەوه یان له ڕێگەی بەرنامەی کۆمپیوتەرەوه دەستم دەکەوتن.

*دەستبەسەرداگرتنی کتێب و فرۆشتنی نهێنی

کتێبفرۆشێکی دیکە لە کاتی فرۆشتنی کتێبی قەدەغەکراو بە نهێنی باسی ئازارەکانی و ترسی خۆی بۆ وڵات تیڤی دەکات و دەڵێت: "پێشتر لە ژێر مێزدا کتێبی قەدەغەکراومان دەفرۆشت، بەڵام زۆر بەوریاییەوە، بە توێژەران و بەو کەسانەمان دەفرۆشت کە دەمانناسین و متمانەمان پێدەکردن."

دەشڵێت: ساڵی 2010 پێش دەستپێکردنی شۆڕش، دەورییە ئەمنییەکان دووجار هاتنە کتێبخانەکەم و دەستیان بەسەر سەدان کتێبدا گرت.

دوای ڕووخانی ڕژێم، هاووڵاتیانی سووریا هیواخوازن ژیانێکی ئاسایی بژین، دوور لەو ترس و ستەمەی کە دەیان ساڵە لە بیرۆکە و پرۆگرامەکانی خوێندندا چێنراوە.