ئوردن ڕۆژانە 500 تۆن گازی شل هەناردەی سووریا دەکات

ئوردن ڕۆژانە 500 تۆن گازی شل هەناردەی سووریا دەکات

وڵات تیڤی - هەولێر

ڕۆژی چوارشەممە 29ی1ی2025، حەسەن حەیاری، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای پاڵاوتگەی نەوتی ئوردن، بڕیاری هەناردەکردنی ڕۆژانەی 500 تۆن گازی شل بۆ سووریا ڕاگەیاند، ئەمەش لە هەنگاوێکدایە بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی دامەزراوە سوورییەکان کە پشت بەم جۆرە سووتەمەنییە دەبەستێت لە بارودۆخی ئێستا.

*وردەکاریی ڕێککەوتن و کاتی دابینکردن

بەگوێرەی میدیاکانی ئوردن و سووریا، حەیاری لە میانی کۆبوونەوەی لێژنەی وزەی پەرلەمانی ئوردن لێدوانێکی دا کە نوێنەرانی پاڵاوتگەی ئوردن و شارەزایانی کەرتی وزە ئامادەی بوون، تێیدا پشتڕاستکرایەوە کە دابینکردنی گازی شل بۆ سووریا بۆ ماوەی 10 ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

ئەم ڕێوشوێنە بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی دامەزراوە پیشەسازی و خزمەتگوزارییەکانی سووریا کە پشت بە گازی شل دەبەستن بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی کارەکانیان.

*گفتوگۆی ئوردن و سصوریا سەبارەت بە هاوکاریی وزە

هەناردەکردنی گاز بۆ سووریا دوای دانوستانە فەرمییەکانی نێوان هەردوو وڵات دێت کە لە سەردانەکەی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا بۆ عەمانی پایتەختی ئوردن لە 7ی کانوونی دووەم بەڕێوەچوو کە شەیبانی لەگەڵ هاوتا ئوردنییەکەی ئەیمەن سەفەدی کۆبووەوە و تیایدا باسیان لە پرسەکانی پەیوەست بە ئاسایش و وزە کرد، ئوردن پێشنیازی پێکهێنانی لێژنەیەکی تایبەتمەند کرد بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیانە.

لەم چوارچێوەیەشدا سەفەدی ئاماژەی بەوەدا کە پێکهێنانی لێژنە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو لا سێکتەرە جیاجیاکان لەخۆدەگرێت لەوانە ئاسایش و وزە، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی هاریکاریی نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاکاندا.

*بەیاننامەکانی وەزیری پیشەسازی ئوردن سەبارەت بە هاوکاریی ئابووری

لای خۆیەوە یەعرەب قەزا، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی و دابینکردنی ئوردن، ڕۆژی 23ی کانوونی دووەم دووپاتی کردەوە کە هەوڵی بەردەوام و چڕ هەیە بۆ بەرزکردنەوەی هاریکاریی ئابووری لە نێوان ئوردن و سووریا و ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکەی ئەوەی لە توانایدا بێت بۆ سووریەکان دابین دەکات بەبێ گوێدانە بەرژەوەندییە ئابوورییەکان.

قەزا ڕوونی کردەوە کە ئوردن هەوڵدەدات وەبەرهێنان لە پێگەی جوگرافیی خۆیدا بکات بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێکی ناوچەیی بۆ پاڵپشتیکردنی هاوکارییە ئابوورییەکان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ سووریا، ئەمە جگە لەوەی خزمەتگوزاری ژێرخانی پێویست پێشکەش دەکات بۆ ئەوەی بەشداری لە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی سووریا بکات.

*دۆسیەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و یەکتربڕی بابولهەوا

هەروەها قەزا باسی لە گرنگی لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم جووڵەی بازرگانی لە ڕێگەی دەروازەی وشکانیی بابولهەوا لە نێوان سووریا و تورکیا کرد و ئاماژەیان بە ڕۆڵی گرنگی ئەو وڵاتە کرد وەک دەرچەیەکی سەرەکی بۆ هەناردەکردنی عەرەبی بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا و بە پێچەوانەشەوە.

هەروەها جەختی لە پابەندبوونی ئوردن کردەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لەگەڵ سووریا و وڵاتانی دراوسێ، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات و هاوکاریی ناوچەیی بەرز بکاتەوە. جەختیشی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی کاری تەکنیکی بۆ خێراترکردنی هاوکارییەکان لەم بوارەدا پێکهێناوە.

*کۆبوونەوەەکان سەبارەت بە هاوکاریی ئابووریی نێوان ئوردن و سووریا

ئەم لێدوانەی قەزا لە میانی کۆڕێکی دیالۆگیدا هات کە کۆڕبەندی ستراتیژی ئوردن لەژێر ناونیشانی "ئاسۆکانی بازرگانی و هاوکاری ئابووری نێوان ئوردن و سووریا: هەنگاو بەرەو یەکگرتنی هاوبەشی عەرەبی" بەڕێوەچوو، تیایدا بەشداربووان باسیان لە دەرفەت و ئاڵنگارییەکانی بەردەم هاوکاریی ئابووری نێوان هەردوو وڵات کرد.