کۆبانێ.. بەهۆی شەڕەوە زیانێکی زۆر بەر کەرتی پیشەسازی کەوتووە

کۆبانێ.. بەهۆی شەڕەوە زیانێکی زۆر بەر کەرتی پیشەسازی کەوتووە

وڵات تیڤی - هەولێر

شەڕی بەنداوی تشرین دۆخی شاری کۆبانێی لەسەر هەموو ئاستەکان خراپتر کردووە و کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هاووڵاتیان هەبووە.

یەکێک لەو کەرتانەی کە بەهۆی بەردەوامی شەڕ و داخستنی ڕێگاوبانەکانەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، کەرتی پیشەسازییە کە بەرهەمی کارگەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و زۆرێک لەو کەسانەی لەو کارگانەدا کاریان کردووە، کارەکانیان لەدەستداوە.

عومەر محەمەد، خاوەنی کارگەیەکی کەلوپەلی پاککەرەوە، بە وڵات تیڤی دەڵێت، زۆرێک لە پێداویستییەکانی کارگەکەی لە مەنبەج بەجێماوە و زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.

*شەڕی بەنداوی تشرین کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هاووڵاتیان هەبووە

شەڕەکە کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنان و فرۆشتنی پاتری هەبووە، فەتحی گەتۆ کە پاتری لە کۆبانێ بەرهەمدەهێنێت و بە شارەکانی دەوروبەری دەیفرۆشێت دەڵێت، "بەهۆی شەڕ و نائارامی و کەمبوونەوەی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل کارەکانیان وەستاوە."

هەروەها عەبدۆ عەلۆ، خاوەنی کارگەیەکی دروستکردنی گۆرەوی دەڵێت، بەهۆی کەمی کارەباوە بە ڕێژەی زیاتر لە 50%ی تێکڕای بەرهەمەکانمان کەمی کردووە.

شەڕی بەنداوی تشرین بووەتە جێگەی نیگەرانی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا لە بەردەوامی شەڕەکە و ڕایگەیاندووە کە بەهۆی شەڕەکەوە 410 کەس لە کۆبانێ و مەنبەج بێ ئاو و کارەبا کەوتوون، هاوکات هاوڵاتییانی کۆبانێ چاوەڕێی کۆتاییهاتنی شەڕ و بەرقەراربوونی ئاشتین.